بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6 پلەی رێختەر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند، کە بەهۆیەوە لانی کەم 500 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون.

تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییەکان داوە و رایگەیاندووە کە ئاماژرەکە لە بەرزبوونەوەدایە.

دەزگای گەشتیاری جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) ئاشکرای کردووە، ناوەندی بومەلەرزەکە لە دووری 17 میل لە شاری جەلال ئاباد، نزیک سنووری پاکستان بووە و کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە روی داوە.

شەرەفات زەمان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گشتی ئەفغانستان، رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی بومەلەرزەکە ناوچەیەکی شاخاوی و دوورەدەستی گرتووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەدەستهێنانی زانیاریی ورد دەربارەی قوربانییەکان و قەبارەی زیانەکان کاتێکی زۆر بخایەنێت."

نزیکەی 20 خولەک دوای بومەلەرزە سەرەکییەکە، بومەلەرزەیەکی دیکەی پاشکۆ بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە هەمان ناوچەدا تۆمار کراوە، کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

ئەفغانستان بە بەردەوامی روبەڕوی بومەلەرزە دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی پێکدادانی چەندین چینی تێکتۆنیکی. هەروەها، سروشتی شاخاویی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان مەترسی داڕمانی زەویی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەیاندنی یارمەتی و رزگارکردنی خەڵک زۆر قورس دەکات.