كەرتی غەززە وەبەرهێنانی 100 ملیار دۆلاری بۆ دابین دەكرێت
یەحیا
٣١ی ئابی ٢٠٢٥
پلانێكی تری ئەمریكا بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە لە بەرامبەر پارەدا ئاشكرا دەبێت كە تیایدا وەبەرهێنانی 100 ملیار دۆلاری بە سەرپەرشتی ئەمریكا بۆماوەی 10 ساڵ بۆ دابین دەكرێت بەمەبەستی گۆڕینی بۆ ئەو شوێنەی كە ترەمپ خۆی بە "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسفیكردووە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەكی 38 لاپەڕەیی ئاشكراكردووە كە ئیدارەكەی ترەمپدا گفتوگۆی لەسەر دەكات و پلانی دوای جەنگ بۆ غەززە لەخۆدەگرێت.
پلانەكە پێشبینی ئەوە دەكات غەززە لانیكەم بۆماوەی 10 ساڵ لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادا بمێنێتەوە بەمەبەستی گۆڕینی بۆئەو شوێنەی كە ترەمپ خۆی بە "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسفیكردووە.
ریڤێرا وشەیەكی ئیتاڵییە بە واتای كەنار دێت، ریڤێرای فەرەنسی و ئیتاڵی وەك دوو شریتی كەنار دەریا كە دەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست و دوو ناوچەی جوانی سروشت و هاوینەهەواری گەشتیاریی بەناوبانگن.
پلانەكەی ئیدارەی ترەمپ ئۆفەرێك لەخۆدەگرێت بۆ دانیشتووانی غەززە كە خۆبەخشانە زەوییەكانیان بەجێبهێڵن لە بەرامبەر قەرەبووی دارایی، یان بە شێوەیەكی كاتی بگوازرێنەوە بۆ ناوچە داخراو و سەلامەتەكانی ناو كەرتەكە تا ئەو كاتەی ئاوەدانكردنەوە تەواو دەبێت.
پلانەكە باس لەوە دەكات، ئیدارەی ئەمریكا سندوقێكی متمانەپێكراوی بۆ نیشتەجێكردنی دانیشتووانی غەززە لە دەرەوەی فەلەستین و ناوخۆ دادەمەزرێنێت، بەشێوەیەك هەر فەلەستینییەك خاوەنی زەوییە لە غەززە، ناوی لە سندوقەكە تۆمار دەكرێت و دواتر دەتوانرێت بگۆڕدرێتەوە بە شوقەیەك لە یەكێك لە سیتییە پێشكەوتووەكانی شارەكە، بەڵام ئەوانەی بڕیاری بەجێهێشتنی شارەكە دەدەن، پارەیەكی كاشیان بە بڕی پێنج هەزار دۆلار پێدەدرێت، لەگەڵ یارمەتیدانی چوار ساڵ بۆ دابینكردنی كرێی خانوو و ساڵێكی تەواوی خواردنیش.
بەپێی پلانەكە، هەر كەسێك غەززە بەجێبهێڵێت، نزیكەی 23 هەزار دۆلاری لە سندوقەكە بۆ پاشەكەوت دەكرێت.
دەستپێشخەرییەكە ناوی سندوقی دووبارە دروستكردنەوە و خێراكردن و گۆڕانكاری ئابووری غەززەیە كە لەلایەن ئیسرائیلییەوە پەرەی پێدراوە.
هەرچەندە تائێستا پلانەكە بە رەسمی پەسەند نەكراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت وەبەرهێنانێكی 100 ملیار دۆلاری بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵدا نزیكەی چوار هێندە داهات لە غەززە بەدەستبهێنێت.