سوپای ئیسرائیل بەرەسمی کوژرانی وتەبێژی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی راگەیاند پاش ئەوەی دەنگۆی کوژرانی وتەبێژی حەماس لە میدیا عەرەبی و عیبریەکاندا بڵاوکرایەوە.

ئیسرائیل کاتز وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە هاوبەشی نێوان سوپا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ناسراوبە  شاباک توانرا بە سەرکەوتووی حوزەیفە کەحلوت ناسراو بەئەبو عوبەیدە وتەبێژی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی حەی ریماڵ لە غەززە بکوژرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگای ئاسایشی گشتی ناسراوە بە شاباک رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە شوێنی ئەبو عوبەیدە، هەروەها لە بەئامانج گرتنیدا موشەکی  ورد لە پێکاندا  بەکارهێنراوە، لەگەڵ چاودێریکردنی ئاسمانی شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێوەیەکی بەردەوام.

حوزەیفە کەحلوت ناسراو بە ئەبو عوبەیدە، ی لە ساڵانی 2002 و 2003 وەک لێپرسراوێکی مەیدانی لیواکانی قەسام لە غەززە دەستبەکاربووە ، یەکەم دەرکەوتنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی 2004 لە مزگەوتی نور لە غەززە چالاکیە سەربازیەکانی لیواکانی قەسامی دژی ئیسرائیل راگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە بوو بەیەکێک لە دیارترین لێپرسراوە میدیایەکانی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس و پەیامەکانی بزوتنەوەکەی بەشێوەی دەنگی تۆمارکراو بڵاودەکردەوە.