سوپای ئیسرائیل ئەمشەو رایگەیاند، ئەندامێکی سەرەکی بزووتنەوەی حەماسی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا میدیا ئیسرائیلییەکان باس لە ئەگەری کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس دەکەن.

ئەڤیخای ئەدرەی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی، سوپا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر "ئەندامێکی سەرەکیی حەماس" لە ناوچەی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە.

هاوکات، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کەسەی لە هێرشەکەی غەززە کراوەتە ئامانج، "ئەبو عوبەیدە"، وتەبێژی لیواکانی عیزەدین قەسامە، و ئاماژەیان بەوە کردووە کە "پێشبینییەکانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکەی" هەیە. رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەگەر کوژرانی "ئەبو عوبەیدە" سەرکەوتوو بێت، ئەوا زۆر گرنگ دەبێت.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە، 35 فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون، کە لانی کەم 20 کەسیان لە شاری غەززە بوون. سوپای ئیسرائیلیش قەبارەی گەیاندنی یارمەتییەکانی بۆ باکووری کەرتی غەززە کەمکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.