حوسییەکان رایدەگەیەنن: سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیر لە هێرشێکی ئیسرائیلیدا کوژران
٣٠ی ئابی ٢٠٢٥
گرووپی حوسییەکان لە یەمەن، ئەمڕۆ شەممە، کوژرانی ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی باڵای سیاسیی سەر بە گرووپەکە و ژمارەیەک وەزیری دیکەیان راگەیاند.
بە وتەی حوسییەکان، ئەم رووداوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلیدا هاتووە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەرشەیەکی کاری حکومیی لە رۆژئاوای یەمەن کردووەتە ئامانج.
سەرۆکایەتیی کۆماری سەر بە حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کوژرانی موجاهید ئەحمەد غالب ئەلڕەهوی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی گۆڕان و بنیاتنان، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی رادەگەیەنین. دوژمنی ئیسرائیلی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە هاوڕێ وەزیرەکانی لە وەرشەیەکی کاری ئاساییدا کردە ئامانج بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی و ئاستی کارەکانی حکومەت لە ماوەی ساڵێکدا."
راگەیەندراوەکە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەیەک لە وەزیرەکان برینداربوون، کە برینەکانیان مامناوەند و سەختن و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. حوسییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم زیانانە، دامودەزگا حکومییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، و "خوێنی کوژراوەکانیان پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەمان رێگا."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، حوسییەکان دووپاتیان لە هەڵوێستی خۆیان کردەوە کە پشتگیری لە بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەززە دەکەن، و ئاماژەیان بەوەدا کە "بەردەوامن لە بنیاتنانی هێزە چەکدارەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و مەترسییەکان."
ئەم راگەیاندنەی حوسییەکان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن، و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ناوخۆی یەمەن و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان دەبێت.




