شێخ حیکمەت هیجری، رێبەری رۆحی دروزەکانی سوریا، لە پارێزگای سوەیدا، داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی جیاواز لەو ناوچەیە.

حیکمەت هیجری لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "داوا لە جیهان و وڵاتە ئازادەکان دەکات کە پشتیوانیی لە تائیفەی دروزی بکەن بۆ راگەیاندنی هەرێمێکی جیاواز بۆ هەتاهەتایە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "پاسەوانی نیشتمانی"، کە لەم دواییانەدا لە گرووپە چەکدارە دروزییەکان پێکهێنراوە، "بە پشتگیری وڵاتانی پەیوەندیدار بەرگری لە خاکەکە دەکات". هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە "مەبەست لەو دۆخەی دوایی، لەناوبردنی تائیفەی دروزی بوو".

ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی رەسمی نێوان تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، و شێخ موەفەق تەریف، شێخی عەقڵی دروزییەکانی ئیسرائیل، کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامدرا و تێیدا دۆخی سوەیدا تاوتوێ کرا.

جێی باسە، پارێزگای سوەیدا لە 13ی تەمموزی رابردوودا بۆ ماوەی هەفتەیەک پێکدادانی قورسی لەنێوان چەکدارانی دروز و عەشایەری ناوچەکەدا بەخۆیەوە بینی و دواتر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد. بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە نزیکەی 200هەزار کەس ئاوارە بوون. لە 19ی تەمموزەوە ئاگربەست لە پارێزگاکەدا راگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک لایەن پشتیان بە ئیسرائیل بەستووە، بەڵام ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن"، کە ئاماژەیەک بوو بۆ هەندێک لەو بانگەوازانەی لەلایەن سەرکردە دروزییەکانی سوەیداوە دەکران بۆ سەربەخۆی.