وەزیری دەرەوەی ئێران: وڵاتانی ئەوروپی مافی سەپاندنی سزاکانیان نیە
رەوەز فازیل
٢٠ی ئابی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا مافی ئەوەیان نییە سزاکان بە پێی "میکانیزمی سناپباک" کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دا دیاری کراوە، چالاک بکەن، یان وادەی ئۆکتۆبەر بۆ چالاککردنیان درێژ بکەنەوە.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاند، کاتێک دەڵێن وڵاتانی ئەوروپی مافی چالاک کردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران نیە لەرێگەی میکانزیمی "سناپ باک"، بەهەمان شێوە مافی درێژکردنەوەی وادەی بڕیاردان بۆ دەستپێکردنی ئەو میکانیزمە نیە، هەروەها تاکوئێستا نەگەیشتونەتە بنەمایەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەوروپییەکان.
عەراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ناتوانێت بە تەواوی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بپچڕێنێت، بەڵام، گەڕانەوەی پشکنەرەکانی پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە.
مانگی رابردوو ئێران بەفەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵپەساردبوو، بە هۆکاری دوودڵی ئێران لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە کاتی شەڕدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دیپلۆماتکارانی ئێران لە مانگی تەمموزی رابردوودا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانی و فەرەنسی و بەریتانیەکانیان لە شاری ئەستنەبوڵی تورکیا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانەوە کۆبونەوە.
میکانیزمی سناپ باک یاخود پەلەپیتکە، لەلایەن ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکاوە لە ساڵی 2015 دامەزراندووە، لە ئەگەری ئەوەی ئێران لە پابەندبونە ئەتۆمیەکانی پەشیمانبێتەوە، ئەوا راستەوخۆ سزاکان بەسەریدا دەسەپێندرێت.