لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی سەرەتایی پلانی داگیركردنی شاری غەززە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی بە مەرجەكانی خۆی كۆتایی بە شەڕەكە دەهێنێت.

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل, لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی باشور، بە یاوەری ئییال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، بۆ پێداچوونەوە بە وردەکارییەکانی پلانەکانی داگیرکردنی  تەواوەتی کەرتی غەززە، داوای لە سەربازانی وڵاتەکەی کرد "یەکگرتوو بن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ملکەچکردنی حەماس و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەپێی ئەو مەرجانەی ئیسرائیل دایناوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا سەرجەم کەرەستەکانی شەڕکردن بەکاردەهێنێت بۆ لێدان لە حەماس و کۆتایهێنان بەو بزوتنەوەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە پەسەندکراوە و لە ئێستادا 20 هەزار سەربازی یەدەگ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە بانگهێشتی سوپا کراونەتەوە.