پوتن، ئەردۆغانی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ ئاگادارکردەوە
راهۆز
٢٠ی ئابی ٢٠٢٥
ڤلادیمیر پۆتن، سەرۆکی روسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئالاسکا خستەڕوو.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی کرملین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک پوتن هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ لوتکەی روسیا-ئەمریکا کە لە شاری ئەنکۆرەیج بەڕێوەچوو، بۆ سەرۆک ئەردۆغان باسکرد. هەروەها، پوتن ستایشی یارمەتییەکانی تورکیای کرد لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان وەفدەکانی روسیا و ئۆکراین لە ئیستانبوڵ."
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش پشتڕاستیکردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، سەرجەم پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینی لەخۆگرتووە.