رۆیتەرز: حەماس بە نوێترین پێشنیازەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە رازیبووە
رەوەز فازیل
١٨ی ئابی ٢٠٢٥
لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماس رازیبونی بزوتنەوەکەی بە دواین پێشنیازەکان بۆ رێککەوتن لە غەززە ئاشکرادەکات.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماسەوە بڵاویکردەوە، حەماس بە نێوەندگیرە میسری و قەتەریەکانی راگەیاندوە کە رازیبووە بە دواین پێشنیازەکانی نێوەندگیرەکان بۆ ئاگربەست.
هەربەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو پێشنیازانەی حەماس لەبارەیەوە رازیبوە بریتین لە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ و ئازادکردنی بەندکراوە فەلەستینیەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا حەماس بارمتە ئیسرائیلیەکان ئازاد دەکات.
زیا رەشوان لێپرسراوی دەستەی راگەیاندنی فەرمی میسر،بە کەناڵی قاهیرەی میسری راگەیاندوە، وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر پێشنیازەکەی حەماسیان بە ئیسرائیل راگەیاندوە و لە ئێستادا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیلدایە"، هەروەها چاوەڕوانی وەڵامی ئیسرائیل دەکەن لەو بارەیەوە.