ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان: دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان لە هەر جۆرە رەفتارێک یان بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنییەک بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەموو دەزگەكانی راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم هاووڵاتییانە كە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە بكەن و خۆیان لە هەرجۆرە رەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستە فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگەیەكی راگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆشدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكانی دوژمن، زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگەیە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە رووبەڕووی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
وتیشی، هەر بەرپرسێك بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابوونی زانیاریی هەستیار و لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.