هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان بە ئەنجامدانی جوڵەی "بێزارکەر و گوماناوی" لە دەوروبەری شارۆچکەی دێرحافر و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب تۆمەتبار کرد و رایگەیاندووە؛ ئەگەر بەردەوامبن لە بێزارکردنمان وەڵام دەدەینەوە.
 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ماوەی چەند ڕۆژێکە گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵی بێزارکردن و گێچەڵپێکردن بە هێزەکانمان دەدەن و دەستیان بە جوڵەی گوماناوی کردووە، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی دێرحافر و گوندەکانی، کە بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان دان بەخۆدا دەگرن و وەڵامی ئەو گێچەڵە بەردەوامانە نادەنەوە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی مافی بەرگریی رەوادا وەڵام بدەینەوە."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "ئەم هەوڵانە پێشێلکردنی ئاگربەستن و ناکۆکن لەگەڵ رۆحی ئەو رێککەوتنەی کە لە یەکی نیسانی رابردوو لەنێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و حکومەتی دیمەشقدا ئیمزاکراوە."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکومەتی سوریا کراوە، "رەفتاری ئەو توخمە لەیاسادەرچووانە کۆنترۆڵ بکات و نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانمان. پێویستە لە هەموو ئەو کارانە دووربکەوێتەوە کە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژی و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تەواوی شاری حەلەب و ناوچەکانی دیکەدا بکات.