دوای ئەوەی شەوی رابردوو کابینەی ئیسرائیل پلانی داگیرکردنی غەززەی پەسەند کرد، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو بڕیارە بە "کارەسات" ناودەبەن و هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتە و سەربازە ئیسرائیلییەکان.

یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە کارەساتێکە و رێخۆشکەر دەبێت بۆ کارەساتی گەورەتر". لاپید جەختی لەوەش کردەوە کە بڕیارەکە "بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونی پلە باڵا سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئیتا مار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بتسلئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، "سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆیان راکێشاوەتە ناو هەنگاوێکەوە کە چەندین مانگ دەخایەنێت و دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتەکان و سەربازێکی زۆر، هەروەها دەیان ملیار دۆلار لەسەر باجدەری ئیسرائیلی دەکەوێت و شکستێکی سیاسیشی بەدواوە دەبێت".

لاپید وتیشی: "ئەمە بە تەواوی ئەوەیە کە حەماس دەیەوێت: ئیسرائیل لە گۆڕەپانەکەدا گیری خواردبێت بەبێ هیچ ئامانجێک، بەبێ دیاریکردنی وێنەی رۆژی دواتر، لە داگیرکارییەکی بێسووددا کە کەس نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات".

لەلایەکی دیکەوە، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی "ئیسرائیل بەیتەنو" و وەزیری پێشووی بەرگری، رایگەیاند کە بڕیارەکەی کابینە بۆ داگیرکردنی شاری غەززە سەرەڕای دژایەتیی بەرپرسە باڵاکانی بەرگری "دەیسەلمێنێت کە بڕیارە چارەنووسسازەکان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و ئامانجەکانی جەنگەوە دەدرێن".

هەروەها یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی "دیموکراتەکان" رایگەیاند کە بڕیارەکە بە واتای "وازهێنان لە بارمتەی زیاتر دێت بۆ ئەوەی بمرن"، وتیشی ئەم هەنگاوە تایبەتە بە ناتانیاهۆ: "ئەو لاوازە، بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر فشارەوە، توانای بڕیاردانی نییە، و ناتوانێت پردێک لەنێوان ئەوەی کە ئاستی پیشەیی پێشکەشی دەکات و ئەو گروپە مەسیحییەی کە حکومەت کۆنترۆڵ دەکەن، دروست بکات".

گۆلان لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی سوپا وتی: "ئەم بڕیارە کارەساتێکە بۆ نەوەکان". "کوڕ و نەوەکانمان هێشتا لە کوچە و کۆڵانەکانی غەززەدا پۆلیس دەبن، بە درێژایی ساڵان سەدان ملیار دۆلار دەدەین، و هەموو ئەمانە لە پێناو مانەوەی سیاسی و دیدگای مەسیحیدا". ناوبراو پرسیاری ئەوەشی کرد کە حکومەت چۆن پلانی هەیە کەرتەکە لە چەک دابماڵێت: "ئایا ئێمە بەناو تونێلەکاندا بخزێین و دواین کڵاشینکۆفەکان بهێنینەوە؟"