بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پلانی داگیرکردنی غەززەی پەسەند کردووە، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی سەرکردایەتی سوپای ئەو وڵاتە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی ناتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە و لە هەمان کاتدا هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە دانیشتووانی مەدەنی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ دەکات.

 بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی چەندین کاتژمێریی کابینەی ئەمنی هات کە تا درەنگانی بەرەبەیان بەردەوام بوو.

پەسەندکردنی ئەم پلانە، کە بەشێکە لە پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ "تێکشکاندنی حەماس"، پەرەسەندنێکی نوێیە لە هێرشی 22 مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

وردەکاریی و کاردانەوەکان

بە گوێرەی رۆژنامەی "جورازەلیم پۆست"، حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی ناتانیاهۆی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتەکە پەسەند کردووە. هەروەها رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" بڵاویکردەوە کە دوای 10 کاتژمێر گفتوگۆ، کابینەکە پێشنیازەکەی نەتەنیاهووی پەسەند کردووە.

پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، باراک راڤید، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە کە پلانەکە ئاوارەکردنی "هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە شاری غەززەوە بۆ کەمپەکانی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە تا 7ی ئۆکتۆبەر" لەخۆدەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ئەم پلانە دەربڕیوە. رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاشکرایکردووە کە سوپاسالار ئیال زامیر دژی پلانەکە وەستاوەتەوە و هۆشداری داوە کە لەوانەیە دوو ساڵ بخایەنێت و ژیانی سەربازان و بارمتەکان بخاتە مەترسییەوە.

نیگەرانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان

خێزانی بارمتەکان لە غەززە ترسیان هەیە کە ئەم پەرەسەندنە ببێتە هۆی کوژرانی کەسوکارەکانیان و هەندێکیان لە دەرەوەی کۆبوونەوەکەی کابینەی ئەمنی لە قودس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هەروەها، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی پێشووی ئیسرائیلیش دژایەتی خۆیان بۆ پلانەکە راگەیاندووە و هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەم هەنگاوە سوودێکی سەربازیی کەمی دەبێت و ئیسرائیل تووشی کێشەی سەربازی دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان "مەترسی دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ملیۆنان فەڵەستینی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت ژیانی بارمتەکان لە غەززە زیاتر بخاتە مەترسییەوە."

هەڵوێستی  ناتانیاهۆ و حەماس:

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل نیازی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززەی هەیە، بەڵام نایەوێت وەک دەسەڵاتێکی حوکمڕان لەوێ بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت "دەوروبەرێکی ئەمنی" دروست بکات و دواتر بەڕێوەبردنی کەرتەکە بسپێرێتە لایەنێکی سێیەم یان هێزێکی عەرەبی.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە کە لێدوانەکانی ناتانیاهۆ "کودەتایە" بەسەر رێڕەوی دانوستانەکانی ئاگربەستدا و بەردەوامییە بە سیاسەتی "قڕکردن و کۆچپێکردن".