بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی کەرتی غەززە زیاتر لە 30 کەس کوژراون و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەلێت سەدان قوتابخانە لە غەززە بە ئامانج گیراون.

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هێرشیکردەوەتە سەر ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون و خێوەتگەی پەنابەران لەناوچەکانی خان یونس و چەند ناوچەیەکی دیکە کە بەهۆیەوە 35 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. 

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە تائێستا سوپای ئیسرائیل 500 قوتابخانەی بۆردومان کردوە، کە خەڵکی ئاوارەی غەززەی تێدانیشتەجێبوون  بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، رێکخراوەکە ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکان و کوشتنی هاووڵاتی مەدەنی بەنایاسای وەسفکردوە.

بەرەێوەبەری کۆمەڵگەی تەندروستی شیفا لە غەززە ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 70٪ی ژێرخانی تەندروستی لەکارکەوتوون، تەنها دوو نەخۆشخانەی منداڵان کاردەکەن و توانی کارکردنیشیان سنوردارە.