لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمریکی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، وەزیرەکانی سەر بە حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی زیاتر کردووە.

حکومەتی لوبنان رایگەیاند، تاوتوێی پلانێکی چوار قۆناغی ئەمریکا دەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی حزبوڵڵایە تا کۆتایی ئەمساڵ.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی پلانە ئەمریکییەکە، لە بەرامبەر چەکداماڵینی حزبوڵڵادا، ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان دەهێنێت و لە پێنج پێگەی باشووری وڵاتەکە دەکشێتەوە.

رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، قۆناغی کۆتایی پلانەکەی ئەمریکا، پشتیوانیکردنی ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لەخۆدەگرێت.

لەکاردانەوەیەکدا، حزبوڵڵای لوبنانی پەیامێکی ئاراستەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینمان، خزمەتکردنی ئیسرائیلە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو پلانە لەلایەن حزبوڵڵاوە.