لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 80 کەس کوژراون و نزیکەی 10کەسیش بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 87 کەس کوژراون کە 53 کەسیان لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا کوژراون.

راشیگەیاند، 8 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان منداڵە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە گەشتوەتە 188 کەس.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژانە لانیکەم 200 حاڵەتی بەدخۆراکی روو لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە دەکەن.