دەم پارتی: پێویستە ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، لەسەر بنەمای فرەڕەنگی دابمەزرێت
راهۆز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، "بوونمان لەسەر مێزی گفتوگۆ، واتای بوونی هێزی یەکلاکەرەوەی چارەسەری و بەشداریکردنە لە سەدەی دووەمی کۆماردا." وتیشی: "دەمانەوێت هەموو جیاوازییەکانی ئەم وڵاتە بە رەنگ و دەنگی خۆیانەوە نوێنەرایەتی بکرێن."
وتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژ کرد و سووتانی دارستانەکانی تورکیای بە "کۆمەڵکوژیی ژینگەیی" (ئیکۆ-قڕکردن) ناوبرد.
دۆغان ئاماژەی بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، لەسەر بنەمای فرەڕەنگی دابمەزرێت.
روونیکردەوە، کۆمیسیۆنەکە لە رۆژانی داهاتوودا کۆدەبێتەوە و دواتر نەخشەڕێگاکەیان پێ رادەگەیەنرێت و وتی: "پارتە سیاسییەکان هێشتا لە قۆناغی دیاریکردنی ئەندامەکانیاندان و گفتوگۆکان بەردەوامن. ئەم کۆمیسیۆنە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتێکی مێژوویی لەسەر بنەمایەکی یاسایی دروستبکات."
وتیشی: "ماوەیەکی درێژە ئێمە باسی مێزی گفتوگۆ دەکەین، چونکە باسی گەڕان بەدوای چارەسەریدا دەکەین بۆ بەدیموکراتیکردنی تورکیا. هەروەها پڕۆژەیەکی لەناوبردنی چەک هەیە کە تا ئێستا وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم بەدیموکراتیکردنی تورکیادا نیشان دراوە."
'پێویستە ئاشتی هەمیشەیی بێت'
ئایشەگوڵ دۆغان لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "بوون لەسەر مێز، واتە بوون بە هێزی یەکلاکەرەوە لە چارەسەریدا و بەشداریکردن لە سەدەی دووەمی کۆماردا. هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانێکی دەیان ساڵە و بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە، بۆ ئێمە مانای یەکگرتنەوەیە نەک پارچە پارچەبوون."
لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە لە سەرانسەری وڵات، لە ئامەدەوە تا ئەستەنبوڵ، داوای دیموکراسی و خوشک و برایەتی دەکەین و بۆ ئەمەش تێدەکۆشین."