ئەردۆغان: لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە 3062 جار ئاگر كەوتووەتەوە
هادی
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئاگرێكی گەورە لە پارێزگایەكی توركیا كەوتووەتەوە و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، حەوت تۆمەتبار دەستگیركراون.
ئاگرێكی گەورە لە دارستانەكانی پارێزگای بۆرسای توركیا كەوتووەتەوە، مەترسی ئەوە هەیە بگاتە ئەنكەرەی پایتەخت، بەهۆی ئاگرەكەشەوە تائێستا سێ هەزار و 515 كەس لە گوندەكانی دەوروبەری بۆرسا ماڵەكانیان چۆڵكردووە و زۆربەی دارستانی ناوچەكەش سوتاوە.
موراد كوروم وەزیری ژینگەی توركیاش رایگەیاند، سەرەتا یەك دامەزراوەی كۆمەڵایەتی و دوو شوێنی نیشتەجێبوون زیانی زۆریان بەركەوت، بەڵام بە گشتی 68 یەكەی سەربەخۆ و شوێنی نیشتەجێبوون زیانی زۆریان بەركەوتووە.
عەلی یەرلیكا وەزیری ناوخۆی توركیاش ئاشكرایكردووە، حەوت تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە پەیوەندییان بە ئاگركەوتنەوەی رۆژانی 22 بۆ 27ی تەمموز هەبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیاش دەڵێت، بە 27 فڕۆكە و 105 هێلیكۆپتەر و 25 هەزار كارمەند و 132 هەزار خۆبەخش هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە دەدەن، وتیشی، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە تائێستا بە گشتی سێ هەزار و 62 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە توركیا تۆماركراوە.
تولای حاتیمئۆغلاری هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراس گەلان "دەم پارتی"یش رایگەیاند، دەبێت دەسەڵات و توانای حكومەتە خۆجێیەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگركەوتنەوە زیاد بكرێت.