بەرنامەی خۆراکی جیهانی: هاوکارییەکان دەگەیەنین بە زۆربەی دانیشتوانی غەززە
محەمەد رزگار
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوادەکات ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە بکرێت، دەشڵێت، هەوڵەکانمان چردەکەینەوە بۆ ئەوەی خواردن بگەیەنن بە زۆربەی دانیشتوانی غەززە.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، هیوادارن ئیسرائیل رێگە بە گەیاندنی زیاتری هاوکارییە مرۆییەکان بدات بۆ کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بە زۆربەی ئەو کەسانە بگات کە روبەرووی برسێتی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕێکی زۆری خۆراک و هاوکاریی بۆ ئەو کەرتە ئامادەکراوە و چاوەڕوان دەکەین بەم نزیکانە بینێرینە غەززە.
لەلای خۆشیەوە یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دووپاتیکردەوە، تیمەکانیان هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ ئەوەی خۆراکی تەواوەتی بگەیەننە ئەو کەسانەی روبەرووی بەدخۆراکی بوونەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، سێ فڕۆکەی ئوردنی و ئیماراتی 25 تۆن هاوکارییان لە کەرتی غەززە خستووەتە خوارەوە.