غەززە.. تا ئێستا 231 رۆژنامەنووس کوژراون
راهۆز
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان لە کەرتی غەززە بۆ 231 رۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.
حکومەتی خۆجێی لە غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان بۆ 231 کەس بەرزبووەتەوە، دوای راگەیاندنی کوژرانی هەردوو رۆژنامەنووس، تامر زەعانین و وەلاء ئەلجەعبەری".
رۆژنامەنووس وەلاء ئەلجەعبەری، کە وەک سەرنووسەری هەواڵ کاری دەکرد، لە بۆردوومانێکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر ماڵەکەی، لەگەڵ هاوسەر و پێنج منداڵەکەیدا کوژراوە. هەروەها رۆژنامەنووس تامر زەعانین، کە وێنەگری رۆژنامەوانی بوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو بە گوللـە کوژرا.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی خۆجێیی غەززە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی رۆژنامەنووسان و دەڵێ: "ئیدانەی بەکارهێنانی شێوازی سیستماتیک بۆ ئامانجگرتن و کوشتنی رۆژنامەنووسانی فەڵەستینی دەکەین لەلایەن ئیسرائیلەوە" و داوای لە "یەکێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان و سەرجەم رێکخراوە رۆژنامەوانییەکان کرد کە ئەم تاوانانە شەرمەزار بکەن".
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تا ئێستا، 59 هەزار و 106 کەس لە غەززە کوژراون، هەروەها 142 هەزار و 511 کەسیش بریندار بوون.