هاکان فیدان بۆ هێزە چەکدارەکانی سوریا: ئەگەر هەنگاو بەرەو دابەشبوون بنێن، دەستوەردان دەکەین
راهۆز
٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەلێکساندرا هیڵ، وەزیری دەرەوەی ئێل سالڤادۆر، ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی سوریا تۆمەتبار کرد و هۆشدارییەکی توندیشی دایە گروپە چەکدارەکانی ناو ئەو وڵاتە.
فیدان ئاماژەی بە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل، کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوروبەری خۆی ببینێت، ئامانجی دابەشکردنی سوریایە."
فیدان وتی؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەکتەرە هەرێمییەکان هەوڵدەدەن سوریا بکەنە شوێنێک کە داڵدەی تیرۆری لێنەدرێت و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام "ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا تێکبدات."
لەکۆتاییدا، هاکان فیدان هۆشدارییەکی راستەوخۆی ئاڕاستەی گروپەکانی ناو سوریا کرد و رایگەیاند: "هیچ گروپێک نابێت هەنگاوی دابەشکاری بنێت. زۆر شت هەیە کە دەتوانین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین و لەگەڵ هەموو گروپ و لایەنێکیش قسە کراوە. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەنگاو بەرەو دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئێمە ئەوە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان هەژمار دەکەین و دەستوەردان دەکەین. جگە لە دابەشبوون، دەتانەوێت لەسەر چی قسە بکەن بیکەن، هەر داواکارییەکتان هەیە پێشکەشی بکەن و ئێمەش یارمەتیتان دەدەین، بەڵام کاتێک ئەو سنوورە دەبەزێنن، ئێمە خۆمان ناخەینە ژێر هەڕەشەوە."