توركیا لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 زیندانیكراوی پەكەكەی ئازاد كردووە
ساری
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتیدا و لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 200 زیندانیكراوی پەكەكە لە توركیا ئازادكراون.
رۆژنامەی سۆزجوی توركیا بڵاویكردەوە، لەژێر رۆشنایی بڕیارێكی دادگای باڵای توركیا، لە 72 کاتژمێری رابردوودا دادگای تاوانەكانی ئامەد بڕیاری ئازادكردنی بۆ زیاتر لە 200 زیندانیكراوی پەكەكەی دەركردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەكەی دادگای باڵای توركیا لەدوای هەنگاوە مێژووییەكی پەكەكە دێت بۆ لەناوبردنی چەكی ژمارەیەك گەریلا لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەناوخۆی توركیا هەوڵەكان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی چڕكراونەتەوە و زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكانیش پێشوازییەكی فراوانیان لە پرۆسەكە كردووە.