ئەوروپا هەڕەشەی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان لە ئێران دەكات
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی تاوتوێكردنی چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانە لەگەڵ ئەوروپا و سكای نیوزیش زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات.
تەلەفیزیۆنی سكای نیوز لە زاری ژمارەیەك لێپرسراوی ئەوروپاوە بڵاویكردەوە: بڕیاردراوە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانوستانەكانی ئێران و ئەوروپا دەست پێبكەنەوە و ئێرانیش دەیەوێت لە ئاستی جێگری وەزیری دەرەوەدا بەشداریی لەو دانوستانانەدا بكات.
پێشتر ئەوروپا هۆشداریی دابوە تاران كە ئەگەر ئامادە نەبێت دەست بە دانوستان لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا وئەڵمانیا بكاتەوە ئەوا سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان دژی ئێران چالاك دەكرێتەوە.
رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 دوای 10 ساڵ لە مانگی نۆی ئەمساڵ كۆتایی دێت و ئەگەر رێككەوتنی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەكرێت سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان دژی ئێران چالاك دەكرێتەوە.
پێشتر عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەوروپا بەشێك نابێت لە رێككەوتنی ئەتۆمیی چونكە زیانی زۆری بە وڵاتەكەیان گەیاندووە.