سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی رێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لەسەر بنەمای دانوستانەکان، خاڵەکانی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان لە دەرەوەی سنوری ئیداریی پارێزگای سوەیدا بڵاودەکرێنەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی پێکدادانەکان و رێگریکردن لە دزەکردنی هەر گروپێک بۆ ناو پارێزگاکە.

بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی رۆحیی دروزەکان:

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە کاتی دەستپێکردنی رێککەوتنەکەوە، چوونەژوورەوەی هەر لایەنێک بۆ گوندە سنوورییەکان قەدەغەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان بڕەخسێت."

لێکگەیشتنەکان جەخت لەوەش دەکەنەوە کە ئەو ئەندامانەی عەشیرەتەکان کە لەناو پارێزگاکەدا ماونەتەوە، ڕێگەیان پێدەدرێت بە شێوەیەکی ئارام و بەبێ هیچ جۆرە ڕێگری و سوکایەتییەک لەلایەن هیچ لایەنێکەوە، بچنە دەرەوە.

هەروەها راگەیەندراوەکە هۆشداری دەدات کە هەر لایەنێک بە شێوەی تاکلایەنە و لە دەرەوەی چوارچێوەی رێککەوتنەکە بجوڵێتەوە، بەرپرسیارێتیی هەڵوەشاندنەوەی لێکگەیشتنەکان دەگرێتە ئەستۆ.

هێزەکانی شێخ ئەلکرامە:

لەلایەن خۆیەوە، شێخ لەیس بەلعوس، فەرماندەی هێزەکانی شێخ ئەلکرامە لە سوریا، ستایشی ئەو هەڵوێستانەی کرد کە داوای توندوتیژیان نە دەکرد و بە "هەڵوێستی پیاوماقووڵان" وەسفی کرد و جەختی کردەوە، "کوڕانی تائیفەی دروزی بەشێکی رەسەنی گەلی سوریان."

بەلعوس لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سورییەکان کرد یەکبگرن بۆ روبەروبوونەوەی ئاژاوە و هەماهەنگیی راستەوخۆ لەنێوان دەوڵەت و هێزە نیشتمانییەکاندا بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و خێراکردنی پرۆسەی بوژانەوە، هاوکات هۆشداریدا لە گواستنەوەی روداوەکانی سوەیدا بۆ ناوچەکانی دیکە.

داواشی لە دەوڵەت کرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە پێشێلکارییەکان بکات و ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتیانی مەدەنی مسۆگەر بکات، هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانیی سەقامگیری بکات و روبەروی پڕۆژەکانی وێرانکاریی سیستماتیک ببێتەوە.

پێشینەی روداوەکان:

پێشتر لە رۆژی شەممە، سەرۆکایەتیی سوریا ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیری لە سوەیدا راگەیاندبوو و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردبوو لە شارەکەدا.

پارێزگای سوەیدا لە رۆژانی ڕابردودا روبەروبوونەوەی خوێناویی لەنێوان عەشیرەتەکان و گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان بەخۆیەوە بینی، کە بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە900 کەس.