ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، رایگەیاند: روداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا وەرچەرخانێکی مەترسیداریان دروستکردووە و جەختی کردەوە، پێکدادانە توندەکانی نێوان گروپەکان خەریک بوو لە کۆنترۆڵ دەربچن، ئەگەر دەستوەردانی دەوڵەتی سوریا نەبوایە بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە.


ئەحمەد شەرع، لە وتارێکیدا ئەمڕۆ شەممە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا، وتی: "ئامانجی جیابوونەوە لەلایەن هەندێک کەسایەتییەوە دەرکەوت کە پشتیان بە دەرەوە بەستبوو، هەروەها ئەمە لە بەرژەوەندیی سوریادا نییە."

سەرۆکی سوریا داوای زاڵکردنی دەنگی عەقڵ و حیكمەت و دوورکەوتنەوەی لە ئاژاوەی کرد و ستایشی رۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کرد کە رۆڵێکی کاریگەریان لە هێورکردنەوەی دۆخەکەدا گێڕاوە.

لە وتارەکەیدا وتیشی: "داواکاریی نێودەوڵەتیمان پێگەیشت بۆ دەستوەردان لەوەی لە سوەیدا رودەدات و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ وڵات،" و ئاماژەی بەوەدا کە کشانەوەی دەوڵەت لە هەندێک ناوچە بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە.

شەرع لە وتارەکەیدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی قوربانیانی "ئاژاوەکەی سوەیدا" کرد.

هەڵوێست بەرانبەر عەشیرەتەکان و درووزەکان:

سەرۆکی سوریا ستایشی رۆڵی عەشیرەتەکانی کرد بەڵام رەخنەی لە جوڵەی تاکلایەنەیان گرت، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێکردن پابەندی ئاگربەستەکە بن.

رونیشیکردەوە، "روداوەکان سەلماندیان کە خەڵکی سوەیدا پاڵپشتیی دەوڵەت دەکەن، جگە لە گروپێکی بچووک،" ئاماژەی بەوەشکرد، "ناکرێت هەموو تائیفەی درووزی بەهۆی کردەوەی کەمینەیەکی زۆر کەمەوە دادگایی بکرێن."

ئەحمەد شەرع جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بە "پاراستنی هەموو کەمینەکان" و وتیشی: "سوریا گۆڕەپانێک نییە بۆ تاقیکردنەوەی دابەشبوون و جیابوونەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی سوریا "تەنها لایەنە کە توانای پاراستنی شكۆ و سەروەریی خۆی هەیە لەسەرانسەری خاکی سوریادا" و داوای کرد عەشیرەتەکان و کوڕانی تائیفەی درووزی لەم بارودۆخە هەستیارەدا یەک ڕیز بن و "بە توندی روبەروی هەموو ئەوانە ببنەوە کە هەوڵی خۆشکردنی ئاگری تائیفەگەری دەدەن."

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری، بەهۆی گرژییەکانی پارێزگای سوەیداوە 718 کەس کوژراون.