جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گەشتی هەواڵەکانی کوردسات نیوز، لە میانی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکەکانی پەکەکە، تیشکی خستە سەر رۆڵی مێژوویی و کاریگەریی سەرۆک مام جەلال لە پرۆسەی ئاشتیدا و رایگەیاند، مام جەلال یەکەم کەس بوو کە دەستپێشخەریی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد.

چاندار ئاماژەی بەوەکرد کە "زۆر زۆر بیری مام جەلال دەکەم" و دوو هاوڕێی زۆر نزیک بوون. وتیشی: "ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بوایە، زۆر دڵخۆش دەبوو بەم ساتەوەختە، چونکە خەونی مام جەلال ئەوە بوو کە پەیوەندییەکان بگەنە ئەو ئاستەی ئێستا تێیدان."

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختی کردەوە کە "مام جەلال یەکەم کەس بوو دەستپێشخەریی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد" و "بەشدارییەکی گەورەی هەبوو بۆ ئەو چەمک و بیرکردنەوەیەی کە بۆ ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیادا هەیە."

لێدوانەکانی جەنگیز چاندار لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گفتوگۆکان لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا گەرمییان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال وەک پێشەنگی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، جارێکی دیکە بخرێتەوە بەر باس.