سەرۆکایەتیی سوریا ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی لە سوەیدا راگەیاند
راهۆز
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا، لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات، ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی رێککەوتنەکە بن.
بەیاننامەی سەرۆکایەتیی سوریا:
لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا رایگەیاند: "لەبەر رۆشنایی ئەو بارودۆخە ناسکەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و لە پێناو پاراستنی خوێنی هاوڵاتیان و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەلامەتیی گەلەکەی و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆییەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سوریا ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ رادەگەیەنێت."
خاڵە سەرەکییەکانی راگەیاندراوەکە:
-
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردووە لە چەندین ناوچە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
-
داوا لە هەمووان دەکەین رێگە بۆ دەوڵەت و دامەزراوە و هێزەکانی خۆش بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
-
داوا لە هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەکەین بە تەواوەتی پابەندی ئەم بڕیارە بن و دەستبەجێ هەموو کردەوەیەکی شەڕانگێزانە لە سەرجەم ناوچەکان بوەستێنن و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک مسۆگەر بکەن.
-
سەرۆکایەتیی کۆمار هۆشداریی دا لە هەر پێشێلکارییەکی ئەم بڕیارە و ئاماژەی بەوەکرد کە "بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی هەژمار دەکرێت و بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، روبەروی رێکاری یاسایی پێویست دەبێتەوە."
کشانەوەی کاروانە ئەمنییەکان لە سوەیدا رەتدەکرێتەوە:
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەن لە گوندەوارەکانی پارێزگای سوەیدا بەرەو پارێزگای دەرعا و جەختی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.
پێشتر هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا زانیارییان بڵاوکردبووەوە کە گوایە ئەو کاروانەی ئاسایشی گشتی کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە گەیشتبووە سنووری سوەیدا، دوای ئەوەی ڕێگەی چوونەژوورەوەی پێنەدراوە، کشاوەتەوە بۆ دەرعا، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی رەتکردنەوەی بڕگەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن گروپە چەکدارە درووزییەکانەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا:
لەمبارەیەوە، نورەدین ئەلبابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، رایگەیاند: "بەدوای ئەو روداوە خوێناوییانەی کە لەلایەن گروپە دەرچووەکان لە یاساوە ڕوویاندا، و بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکایەتیی کۆمار، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی ئەرکێکی نیشتمانیدا دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردووە لە پارێزگای سوەیدا، کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کۆتاییهێنانە بە ئاژاوە."