فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان لە رۆژئاوای ئێران، رۆژی هەینی رایگەیاند، 87 کەس لە پارێزگاکە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون.

وردەکاریی زیاتر:

عەمید یەحیا ئیلاهی، فەرماندەی پۆلیسی لوڕستان، لە لێدوانێکدا وتی: "لە کاتی شەڕی ئیسرائیل، پۆلیسی پارێزگای لوڕستان، بە سوودوەرگرتن لە زانیاریی هەواڵگری و هاوکاریی باش و پشتیوانیی جەماوەری، توانیویەتی 87 کەس لە پارێزگاکە دەستگیر بکات."

ئیلاهی روونیکردەوە کە تۆمەتەکانی ئەو کەسانە بریتین لە "شێواندنی رای گشتی، ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، پەیوەندیکردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان، و هەڵگرتنی ماددەی تەقەمەنی."

لێدوانی فەرمی:

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانی، عەمید ئیلاهی ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ماوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا "زیادبوونێکی بەرچاو لە متمانەی گەل بە هێزەکانی پۆلیس بەدیکراوە."

هەروەها وتیشی: "لە ماوەی 15 رۆژدا، زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی زانیاریی گشتی بە پۆلیس راگەیەندراوە، کە ئەمەش قووڵایی متمانەی هاوڵاتییان بە هێزەکانی پۆلیس نیشان دەدات."

پێشینەی روداوەکان:

جێی ئاماژەیە، لە ماوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، تاران چەندین جار دەستگیرکردنی سیخوڕ و شانەی نووستووی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەیدا راگەیاندووە.

پێشتریش لە 18ی حوزەیرانی رابردوو، سەرۆکی شارەوانیی بەهارستان رایگەیاندبوو، هێزە ئەمنی و پۆلیسییەکان "توانیویانە تیمێکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی لە بەهارستان دەستگیر بکەن، ئەمەش دوای چاودێریی ورد و بەدواداچوونی ئەمنیی بەردەوام. ئەو تۆمەتبارانە کە بە ئۆتۆمبێلێکەوە هاتبوونە ناو شارەکە، پێش ئەوەی بتوانن هیچ کارێکی تێکدەرانە ئەنجام بدەن، دەستگیرکران"، وەک چۆن ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە.