لە پەیامێکی نوێدا، کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە تاکە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دادەنێت و هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر ئیسرائیل بە "سەرپێچیکار" بمێنێتەوە، هیچ پێشنیازێکی دیکە ناخەنەڕوو.

ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام، ڕۆژی هەینی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی گشتگیری حەماسی بۆ گەڕانەوەی یەکجارەکیی سەرجەم بارمتەکان رەتکردووەتەوە.

وتیشی: "ئەگەر دوژمن لەم گەڕەی دانوستانانەدا بە سەرپێچیکار بمێنێتەوە، ناتوانین گەرەنتیی گەڕانەوە بۆ پێشنیازەکانی رێککەوتنی نیمچەیی بکەین، بە پێشنیازی ئاڵوگۆڕکردنی 10 بارمتەشەوە."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی 60ڕۆژە. بەپێی پێشنیازەکە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی فەلەستینی، دەبوو حەماس 10بارمتە لەگەڵ تەرمی18 کەسی دیکەدا ئازاد بکات.

جێی ئاماژەیە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان هەردوو لا، پێداگریی حەماسە لەسەر ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک دەبێت کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلی لەگەڵدا بێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل دەیەوێت شەڕ تا لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس بەردەوام بێت.