حەسەن کۆچەر، جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی سوریا و جەختی لەسەر پشتیوانیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ پارێزگای سوەیدا و پێویستیی چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ کردەوە. کۆچەر رایگەیاند کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەیە هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە سوەیدا بکات و داوای ئاگربەستێکی گشتگیری لە سەرتاسەری سوریادا کرد.

گرنگترین قسەکانی حەسەن کۆچەر بۆ کوردسات نیوز:

  • پشتیوانی بۆ سوەیدا: سوەیدا بە تەنیا نییە و ئەنجومەنی رۆحانیی تائیفەی درووز داوای پشتیوانیی مرۆییان لێکردووین و ئێمەش پێشکەشی دەکەین. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رێنمایی تیمەکانی کردووە بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکیی بەپەلە بۆ سوەیدا.

  • پەیام بۆ حکومەتی کاتی: حکومەتی کاتیی سوریا هەڵە دەکات بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر تائیفەکانی تر و پێویستە زمانی گفتوگۆ بەسەر چەکدا زاڵ بێت. هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە و نەتەوەکان لە دەستوور و حکومەتدا.

  • چارەسەری سیاسی: پێویستە رێککەوتنی 10ـی ئادار وەک گەرەنتییەک لە دەستووری سوریادا بچەسپێنرێت، ئەگەرنا هیچ سودێکی نابێت. گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا بەردەوامن و داوای لامەرکەزییەت دەکەین وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەر.

  • هەڵوێست لەبەرامبەر دیمەشق: ئێمە شەڕمان لەگەڵ حکومەتی سوریا ناوێت، بەڵام لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا بەرگری لە خۆمان دەکەین ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر.

  • ڕۆڵی نێودەوڵەتی: ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و فەرەنسا رۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و داوای ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرتاسەری سوریادا دەکەین.

  • یەکپارچەیی سوریا: ئێمە سورین و دیمەشق پایتەختمانە، سوەیدا و خەڵکەکەشی بەشێکن لە ئێمە و شانبەشانی هەموو سورییەکان بەرگری دەکەین.

  • دیدگا بۆ داهاتووی سوریا: سوریا پێویستی بە سوپایەکی رێکخراوە بۆ هەستانەوە، نەک گرووپی چەکداری و دەوڵەتێک بە عەقڵییەتی تائیفی، چونکە سیستەمەکەی وەک ڕژێمی ئەسەد دەڕووخێت.