وەفدەكەی ئیمراڵی كۆتایی بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی توركیا هێنا و ئەمڕۆش پەرلەمان یەكەم هەنگاو لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە دەنێت.

وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆكی گشتی جەهەپە كۆبووەوە و تیشكیان خستەسەر گرنگی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی توركیا كە تایبەت دەبێت بە پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی، جەختیشیانكردەوە، گرەنتی یاسایی و میكانیزمە دیموكراتییەكان لەوبارەیەوە زۆر گرنگن.

پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی رایگەیاند، جەهەپە پشتگیری تەواوی پرۆسەی ئاشتی دەكات و هەمووان چاوەڕوانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی توركیان.

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی توركیا بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنی ئاشتی كۆببێتەوە، بەڵام پێش كۆبوونەوەكە سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە، بەوتەی پەروین بوڵدانیش ئەو كۆبوونەوەیە گرنگە، چونكە هەر پارتێك بۆچوون و پێشنیازی جیاوازی هەیە بۆ كۆمیسیۆنەكە.

رۆژنامەی حوڕیەتیش ئاشكرایكردووە، كۆمیسیۆنەكە زەمینەی یاسایی بۆ لەناوبردنی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ئامادە دەكات و پرۆسەی ئاشتی بە كۆمەڵایەتی دەكات.