دەسەڵاتدارانی توركیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند، هەندێك ناوەڕۆكی چاتبۆتی گرۆكیان قەدەغە كردووە كە خاوەندارێتیەكەی بۆ كۆمپانیای ئێكسی ئیلۆن مەسك دەگەڕێتەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە وەڵامەكانی گرۆك بە سوكایەتیكردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆمارەكە دادەنرێت.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، دەسەڵاتدارانی توركیا گرۆكیان قەدەغەكردووە، بەهۆی ئەوەی كە ئەو ئەپە یاساكانی پێشێلكردووە و سوكایەتی بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێما و بەها ئاینییەكان كردووە كە ئەم سوكایەتیانە لە توركیا بە تاوان هەژماردەكرێن.

بەپێی هەواڵی میدیاكان، كاتێك هەندێك پرسیاری بە زمانی توركی لێدەکرێت ئەپی چات كە لە پلاتفۆرمی ئێكس یەكخراوە، هێرشبەرانە وەڵام دەداتەوە و بە زمانێکی توند دەربارەی ئەردۆگان و دامەزرێنەری كۆماری توركیا مستەفا كەمال ئەتاتورك دەدوێت.

داواكاری گشتی توركیا پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە كردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە یەكەم جارە ناوەڕۆکی زیرەکی دەستکرد لە تورکیا قەدەغە بکرێت. 

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، دەسەڵاتی تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەكانی توركیا (BİK) دوای بڕیاری دادگا ڕێگری لە چونە ناو ئەپەكە كردووە.

تا ئێستا نە ئێكس و نە خاوەنەكەی ئیلۆن مەسك هیچ لێدوانێكیان لەسەر قەدەغەكردنەكە نەداوە.

كەناڵی ئێن تی ڤی توركیا لە زاری عەبدولقادر ئۆرالۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیاوە رایگەیاندووە، توركیا تا ئێستا قەدەغەكردنی تەواوەتی بەسەر گرۆكدا نەسەپاندووە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەو كارە دەكات.

وەزیر وتیشی؛ دەسەڵاتدارانی توركیا لەگەڵ ئێكس ئەو بابەتە تاوتوێدەكەن.

یامان ئاكدەنیر پسپۆڕی یاسای دیجیتاڵی لە زانكۆی ئیستانبوڵ، لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاندووە، دەسەڵاتداران نزیكەی 50 پۆستیان دەستنیشانكردووە كە لەلایەن گرۆكەوە دروستكراون وەك بنەمایەك بۆ لێكۆڵینەوە و فەرمانی دەستڕاگەیشتن بە هەندێك ناوەڕۆكیان بلۆككردووە بۆ پاراستنی نەزمی گشتی.

پێشتر كۆمپانیای ئێكس كە خاوەندارێتی كۆمپانیای گرۆك دەكات، بەڵێنی دابوو كە نوێكاری بۆ ئەپەكە بكات بۆ باشتركردنی كاراییەكەی.

ئەم ئەپە، مۆدێلێکی زمانەوانی گەورەیە ناسراوە بە "گرۆک"، کە رکابەری بەناوبانگترین پلاتفۆرمی زیرەکی دەستکردی OpenAI دەکات کە ChatGPT-4 ـە و خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیلیۆن مەسک.