بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی  "خاڵە هاوبەشەکانی" نێوان خۆیی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای کرد و دەڵێت؛ لە پاش دوو چاوپێکەوتن کە لە واشنتۆن لە ماوەی 24 کاتژمێردا پێکەوە ئەنجاممان دا ئەمانەم بۆ دەرکەوتووە.

نەتانیاهو لە قسەکردنی لە کەناڵی "فۆکس بیزنێس" وتی: "من و ترەمپ باوەڕمان بە پرەنسیپی بە دیهێنانی ئاشتی بە هێز هەیە. هێز یەکەم دێت پاشان ئاشتی."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی: "هێزی زۆرمان نیشاندا، وادیارە ئاشتی بەرهەمی زۆری هەیە، دەتوانین بواری رێکەوتنەکانی ئیبراهیمی فراوان بکەین و واقیعێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەین کە باوەڕپێنەکراو بێت، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدەستبهێنێت."

ناتانیاهۆ هەروەها دڵخۆشیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە رێگاکانی گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەزە و ئازادکردنی دیلەکان.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا پیت هیگسێس لە پنتاگۆن وتی: "پێموایە دەرفەتی باش هەیە بۆ ئاگربەست."

خاڵی ناکۆکی سەرەکی لە دانوستانەکانی دۆحە بریتیە لە جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە حاڵەتی ئاگربەستدا لەغەززە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"ـی راگەیاند کە وڵاتەکەی جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە ناوەڕۆکی مۆراگ لە باکووری رەفەح دەکاتەوە، ئەمەش حەماس ڕەتی دەکاتەوە.

هاوکات گیدۆن سەعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردبووەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە، ئەگەر سەرەتا ئاگربەستی کاتی بەدەستبهێنرێت.