وەفدێكی رۆژئاوا بە سەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق كۆبونەوە
زاهیر
٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
بە چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، وەفدی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا و دەسەڵاتی كاتی سوریا كۆبونەوە و سەبارەت بە رێككەوتنی نێوانیان پرسە ئابوریی و سەربازییەكانیان تاوتوێ كرد.
ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار كراوە كە لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق بە سەرپەرشتی مەزڵوم کۆبانی و ئەحمەد شەرع ئیمزا كرا.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیش، چوار دۆسیەی سەرەكیی لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر كراوە و گرنگترین ئەو دۆسیانەش بریتی بوون لە پرسی ئابوریی ، سەربازیی ، داهاتوی سوریا و پەیوەندییەكانی هەسەدە و حكومەتی دیمەشق.
كۆبونەوەكە لە كۆشكی تشرین لە دیمەشق بەڕێوچو، وەفدەكەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش لەلایەن مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەوە سەرۆكایەتی دەكراو و هەر یەكە لە تۆماس باراك، نێردەی ئەمریكا و ژان باپتیست فیڤەر نوێنەری حكومەتی فەڕەنسا لە سووریا بەشداری كۆبونەوەكە بون.
دوای كۆتایی كۆبونەوەكە بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاوكرایەوە و بڕیارە جارێكی تر كۆبونەوە لە نێوان وەفدی رۆژئاوا و دەسەڵاتی دیمەشق بەڕێوبچێت بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆكان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی كە لەسەری رێككەوتوون.