گیدۆن سەعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی ئەگەر سەرەتا ئاگربەستی کاتی بەدەستبهێنرێت.

سەعر لە سەردانەکەی بۆ براتیسلافا وتی: "ئەگەر بگەینە ئاگربەستی کاتی، ئەوا دەکەوینە دانوستان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا: "جدین لە بارەی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئەمە شتێکە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت."

پێشنیازی ئاگربەست لە غەزە بریتییە لە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 60 رۆژ، ئازادکردنی دیلەکان بە قۆناغ قۆناغ، کشانەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان لە بەشەکانی غەزە و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕ بە تەواوی.

لە پێشتردا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی؛ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، سەرنجیان لەسەرهەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان چڕکردووەتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە بڕیاری لەسەر "لەناوبردن"ی توانا سەربازی و کاربەدەستییەکانی بزووتنەوەی حەماسە.

ئەمە سێیەم سەردانە کە نەتانیاهو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیکات لە کاتی دەستپێکردنی خولی دووەمی ترامپ لە 20ـی شوبات.

ناتانیاهۆ لە پێشتردا بە رۆژنامەنووسانی وت پێیوایە کاری ئیسرائیل لە ناوچە فەلەستینییەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام دانوستکاران "بە دڵنیاییەوە" کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.

ترەمپ و ناتانیاهۆ رۆژی سێشەممە بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو رۆژدا پێکەوە کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆخی غەززە.

هاوکات ستیڤ ویتکۆف نێردراوی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل و حەماس پاش 21 مانگ لە سەرهەڵدانی شەڕ نزیکن لەوەی بگەن بە ئاگربەست.