مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێشکەشکاری ئەمریکی تاکەر کارلسۆن، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە تێکدانی پرۆسەی دیپلۆماسی.

“لەسەر مێزی دانوستان بووین”

پزیشکیان رایگەیاند کە لە سەرەتاوە ئامادەیی هەبووە بۆ دانوستان و وتی: “ئێمە لەسەر مێزی دانوستان بووین. ئێمە قسەمان دەکرد و سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی کردبووین بۆ ئاشتی. لەو دیدارەدا پێیان وتین ئیسرائیل هێرش ناکات تا ئیزن نەدەین.”
سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی؛ “لە سەروبەندی کۆبوونەوەی شەشەمدا، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا لە دانوستاندا بووین، بە کردەوە بۆمبێکیان خستە سەر مێزی دانوستان و دیپلۆماسییان تێکدا.”
سەبارەت بە چاودێری سەر بەرنامە ئەتۆمییەکە، پزیشکیان جەختی لەسەر ئامادەیی ئێران کردەوە و وتی: “بە دڵنیاییەوە ئامادەین دووبارە بچینە ناو گفتوگۆوە و پشتڕاستی بکەینەوە. ئێمە هەرگیز لە بەرپرسیارێتی رامان نەکردووە.”

مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە زیانی هێرشەکانی ئەمریکا کرد بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکان و رایگەیاند: “بەداخەوە دوابەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەشێکی زۆر لە کەرەستە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەناوچوون و دەستڕاگەیشتن پێییان قورسە.”

ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە روی دبلۆماسیەوە گرژییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.