بڕیارە سبەینێ وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە
هادی
٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
بڕیارە سبەینێ وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جێبەجێكردنی میكانیزمی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان.
نوسینگەی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"بڵاویكردەوە، دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە كۆدەبێتەوە.
هەروەها بڕیارە پێش كۆبونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆغان وەفدەكە لەگەڵ تونجەر باقرخان و تولای حاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆكانی گشتی دەم پارتی كۆببێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ وەفدی ئیمرالی كە پێكهاتبون لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور، لە ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی یان كرد، بۆ ماوەی دوو سەعات و نیو كۆبونەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی، گفتوگۆیان لەسەر قۆناغی لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە كرد.
بەپێی زانیارییەكانی نوسینگەی راگەیاندنی دەم پارتییش بڕیارە پەیامێكی نوسراوی ئۆجەلان بڵاوبكەنەوە.