كارگە تاریكەكان؛ دیاردەیەكی نوێی وڵاتی چین
لازیا عەلی
٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
كارگە تاریكەكان دیاردەیەكی نوێن كە لە وڵاتی چین، كە بە خێرایی پەرە دەسەنن و سەرنجی جیهانیان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاوە. ئەم كارگانە بە تەواوی ئۆتۆماتیكین و هیچ مرۆڤێك كاری تێدا ناكات.
ناوی كارگەی تاریك لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەم كارگانە پێویستیان بە ڕووناكی و كارەبا نییە، چونكە ڕۆبۆت و ئامێرە ئۆتۆماتیكەكان بە بێ ڕووناكیش دەتوانن كارەكانیان ئەنجام بدەن. لەم كارگانەدا، نەك گەرمكەرەوە و ساردكەرەوە، تەنانەت دەستشۆر و ژووری پشوودان پێویست نییە.
سیستەمێكی دیجیتاڵی پێشكەوتوو كۆنتڕۆڵی هەموو پرۆسەكان دەكات. هەر بەشێك رۆبۆتێكی جیاواز كاری تێدادەكات- هەندێكیان بەرهەمەكان دروست دەكەن، هەندێكی تر كەرەستەی قورس دەگوازنەوە، هەندێكیی تریش كوالێتی بەرهەمە تەواوبووەكان دەپشكنن. تەنها چەند ئەندازیارێك لە دەرەوەی كارگەكە چاودێری سیستمەكە دەكەن و لە كاتی پێویستیدا چاكسازی تێدا دەكەن.
كارگە تاریكەكان چەندین سوودی گرنگیان هەیە. ئەم كارگانە بە بێ وەستان بەردەوام لە كاردان، تەنانەت بە شەو و بەرۆژ، تەواوی رۆژەكانی هەفتە، ئەمەش رێژەی بەرهەمهێنان لە كارگەكاندا بەرز دەكاتەوە. خەرجییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبنەوە، لەبەر نەبوونی پێویستی بە مووچەی كارمەندان و خەرجی ڕووناكی، گەرمكردنەوە و ساردكردنەوە. كوالێتی بەرهەمەكان زۆر بەرزە، چونكە ڕۆبۆتەكان هەڵەی مرۆیی ناكەن. هەروەها مەترسی برینداربوون و ڕووداوەكانی كار روونادات.
سەرەرای ئەم سودانەش، ئەم كارگانە چەند كێشەیەكی گرنگیشی هەیە. گەورەترین كێشە تێچووی دامەزراندنە ، تێچوی دامەزراندنی كارگەیەكی تاریك زۆر گرانە و تەنها كۆمپانیا گەورەكان دەتوانن ئەو وەبەرهێنانە بكەن. سەرەرای ئەمەش، سەرەرای ئەوەش كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابووریی دروست دەكات، ملیۆنان كەس هەلی كار لەدەست دەدەن، كە دەتوانێت كاریگەری نەرێنی لەسەر خێزانەكان و كۆمەڵگاكان بەجێبهێڵێت.
چین پێشەنگە لە پەرەپێدانی ئەم تەكنەلۆجیایە و چەندین كۆمپانیای گەورەی چینی خەریكی دروستكردنی كارگەی تاریكن بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی خەرجی. وڵاتانی پیشەسازی تریش بە وردی چاودێری ئەم پێشكەوتنە دەكەن و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵانی داهاتوودا كارگەی هاوشێوە دابمەزرێنن.
كارگە تاریكەكان نیشانەیەكی ڕوونن بۆ ئەوەی چۆن تەكنەلۆجیا بە خێرایی شێوازی كاركردن و بەرهەمهێنان جیهان دەگۆڕێت. ئەگەرچی كاریگەرن و قازانجی ئابووری زۆر دەكەن، بەڵام پرسیارە گرنگەكان سەبارەت بە داهاتووی كار و پێویستی دۆزینەوەی هاوسەنگی نێوان تەكنەلۆجیا و پێداویستییە مرۆییەكان بەردەوام لە ئارادان.