دوای 14 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ سوریا، بۆ یەکەم جار وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی پایتەختی سوریا دەکات.

دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ شەممە، بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی نوێی ئیدارەی سوریا کۆبۆوە.
لامی لە پایتەختی سوریا لەگەڵ هەر یەک لە: ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە،  کۆبووەوە. 

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند؛ ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەخشینی هەلدا دێت بە سوریایەکی نوێ.
هاوکات حکوومەتی سوریا لە رگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەرع و لامی لە کۆبوونەوەیەکدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە. 

هاوکات حکوومەتی بەریتانیا پاکێجێکی هاوکاریی دارایی بە بەهای 94.5 ملیۆن پاوەند پێشکەش بە سوریا کردووە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی و ئاوەدانی وڵاتەکە سودی لێ وەربگرێت.
ئەم سەردانە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان لەندەن و دیمەشق دەبینرێت.