حەماس: وەڵامێكی ئەرێنیمان بۆ ئاگربەست داوەتە نێوەندگیرەكان
رەوەز
٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
حەماس ئاشكرایدەكات، وەڵامێكی ئەرێنی ئەمریكایان بۆ رێككەوتن داوەتەوە، میدیای ئیسرائیلیش پێشبینی دەكات رۆژی دووشەممە ناتانیاهۆ و ترەمپ لە كۆشكی سپییەوە ئاگربەست رابگەیەنن.
سەركردەیەكی حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی ئەمریكایان پێشكەشی نێوەندگران كردووە كە ئەرێنییە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.
دەشڵێت، بزوتنەوەكە داوای گەرەنتی ڕوون دەكات كە دانوستان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ماوەی ئاگربەستی 60 ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت و ئەگەر تا كۆتایی ئەو ماوەیە هیچ ڕێككەوتنێك نەكرێت، پێویستە ئاگربەست درێژ بكرێتەوە تا ئەو كاتەی هەردوولا دەگەنە ڕێككەوتن.
پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، پێشبینی دەكات لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا حەماس وەڵامی پێشنیازەكەی بداتەوە بۆ ئاگربەست لە غەززە، وتیشی، ئیسرائیل ڕازی بووە بە مەرجەكانی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ.
هاوكات رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە سەرچاوەی تایبەت رایگەیاندووە، رۆژی دوشەممە ناتانیاهۆ و ترەمپ لە كۆشكی سپییەوە ئاگربەست رادەگەیەنن.