ئەردۆغان: سیاسەتی ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ ئارامی ناوچەکە
رەوەز
٤ی تەمووزی ٢٠٢٥
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و سیاسەتەکانی بە هەڕەشە بۆسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە ناوبرد.
سیاسەتی توندوتیژانەی ئیسرائیل:
ئەردۆغان لە 17ـەمین لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئابووری لە شاری خانکەندی ئازەربایجان رایگەیاند: "سیاسەتی توندوتیژانەی ئیسرائیل کە دەسەڵاتدارانی ئێستای پەرەی زیاتری پێ دەدەن، هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەکات."
سەرۆکی تورکیا جەختی لەسەر پابەندبوونی بەردەوامی تورکیا بە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین کردەوەو رایگەیاند: "ئێمە نە واز لە پشتیوانیکردنی فەلەستین دێنین و نە لە ئاست هەوڵەکانی دەسەڵاتی نەتەنیاهوو بێدەنگی هەڵدەبژێرین."
ئەردۆغان ناتانیاهۆی تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەیەوێت "ناوچەکە بە لوبنان و سوریا و ئێرانیشەوە بکاتە گۆمی خوێن."
هیوای نوێ بۆ سوریا:
سەبارەت بە سوریا، ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەو قۆناخەی کە لە سوریا بەهۆی خەباتی چەندین ساڵەی خەڵک هاتووەتە ئاراوە، چرای هیوایە بۆ ناوچەکە."
سەرۆکی تورکیا داوای پشتگیری دارایی و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا کرد. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێمان وایە لەم قۆناخە هەستیار و گرنگەدا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتگیری دارایی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ بەرەوپێش ببات."