ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشکنەرانیان ئەمڕۆ هەینی ئێرانیان بەجێهێشتووە و لە هەمان کاتیشدا داوای دەستپێکردنەوەی چاودێریە ئەتۆمییەکان دەکەنەوە.

ئاژانسەکە لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "تیمێکی پشکنەرانی ئاژانسەکە ئەمڕۆ بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و دەگەڕێنەوە بۆ بارەگای سەرەکیی ئاژانس لە ڤیەننا."

ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە راگرتووە.

داوا دەکرێت چاودێرییەکان دەستپێبکەنەوە:

رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، جەختی لە گرنگیی گفتوگۆی ئاژانسەکە لەگەڵ ئێران کردەوە. گرۆسی داوای دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی چاودێری و وردبینیی بنەڕەتی لە ئێران بە زووترین کات کردووە.

پشتەوەی بڕیارەکە

ئێران رۆژی چوارشەممە بە رەسمی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان راگرت. ئەمەش دوای ئەوە بوو کە لە 25ی حوزەیراندا، پەرلەمانتارانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری راگرتنی هەماهەنگییەکەیان پەسند کرد وەک وەڵامێک بۆ لێدوان و هەڵسوکەوتی ئاژانسەکە دژ بە وڵاتەکەیان.

کاریگەری ململانێ سەربازییەکە:

راگرتنی هەماهەنگییەکان دوای پێکدادانە 12 رۆژییەکەی مانگی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێت. لەم پێکدادانەدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش هەڵکشانی بەخۆوە بینی و زیادی کرد.

ئامانجی یاساکە

میدیای ئێران رایگەیاند، یاساکە ئامانجی "دڵنیابوونە لە پشتیوانیی تەواو بۆ مافە رەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لەژێر پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی. یاساکە بە تایبەتیش جەخت لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکاتەوە.

هەڵوێستی ئەمریکا

واشنتن، کە گوشار لە تاران دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، رەخنەی لە بڕیارەکەی ئێران گرت. ئەمریکا بڕیارەکەی بە "قبووڵنەکراو" ناوزەد کرد. و هاوکات وڵاتانی دیش ئەوەیان وەک مەترسی ناوبرد.