سەرۆکی دادگای فیدراڵ لەبەردەم سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد
سام
٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەدادوەر مونزر حسێن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەڕاپەڕاندنی ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەرکە دەستوورییەکانیدا دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی دادگا کرد، لەپاراستنی پرۆسەی دیموکراسی ومسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانی کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پشتیوانی لە سەربەخۆیی دادگا وەک پارێزەری دەستور دەربڕی و جەختی لەپابەندبوونی بەبڕگەکانی دەستوور و یاسا ودەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی لە هەر دەستوەردانێک کردەوە.








