لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە راگەیەنراوێکی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکانەوە چەند زانیاری و رێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە.

 

دەقی بڕیار و رێنماییەکان:

یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنیی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.

دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی هاتوچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.

سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.

چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.

پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.

شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنوری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێسەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.