ئێران ئاسمانی وڵاتەكەی بە روی گەشتە ئاسمانییەكان دادەخات
٢ی تەمووزی ٢٠٢٥
حكومەتی ئێران دەڵێت، تا رۆژی پێنجشەممە، ئاسمانی ناوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەكەی بە روی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان دادەخات.
وتەبێژی وەزارەتی رێگاوبان و گەشەپێدانی شارستانی ئێران رایگەیاند، بە هۆكاری ئەمنی ئاسمانی ناوەڕاست و رۆژئاوای وڵاتەكەی بە روی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان داخراوە، تەنها بەشی رۆژهەڵات كراوە دەبێت.
دەشڵێت، گەشتی ناوخۆیی و دەرەكی لە باكور و باشور و رۆژئاوای ئێران هەڵوەشێنراونەتەوە تا سەعات دووی سبەینێ و دواتر بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتەكان دەدرێت.
ئەو بڕیارەی ئێران دوای چەند رۆژێك دێت لە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، دوای راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل كە 12 رۆژی خایاند.




