130 رێكخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی داوای داخستنی ناوەندەكانی دابەشكردنی هاوكاری مرۆیی لە غەززە دەكەن و دەڵێن، ئەو ناوەندانە ژیانی خەڵكی غەززەیان لەكاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی هاوكاری خستووەتە مەترسییەوە.

ئاژانسی بلومبێرگ  بڵاویكردەوە، 130 رێكخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی داوایانكردووە، دەستبەجێ ناوەندی دابەشكردنی هاوكاری مرۆیی لە غەززە دابخرێت، كە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریكا و ئیسرائیلدا كاردەكات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، رێكخراوە فریاگوزارییەكان ناوەندەكانی هاوكاریی بە پێشێلكردنی یاساكانی هاوكاری مرۆیی تۆمەتبار دەكەن و بانگەوازی ئەوەدەكەن، ژیانی هاووڵاتییانی غەززە دەكەوێتە مەترسییەوە لەكاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی هاوكاری لە بنكەكانی وەرگرتنی خۆراك.

ئاژانسی بلومبێرگ  ئاماژەی بەوەشداوە، زیاتر لە 500 هاووڵاتی غەززە لەكاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی هاوكاری لە لقەكانی ئەو ناوەندە هاوكارییە بە دەسترێژی گوللەی سوپای ئیسرائیل كوژراون.

لە رۆژی 27ـی ئایاری رابردووەوە، ناوەندێكی دابەشكردنی هاوكاری مرۆیی بە هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لە غەززە كراوەتەوە و چەند لقێكی لەناو كەرتەكەدا هەیە، بەڵام لەلایەن سوپای ئیسرائیل دەسترێژی گوللە لە خەلك دەكرێت و بەهۆیەوە رۆژانە دەیان كەس دەكوژرێن.