دوبەی سەرکەوتنی یەکەم تاکسی ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی داهاتووەوە تاکسییەکان دەکەونە کار.

حەمدان بن محەمەد راشد شازادەی جێنشینی دوبەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" سەرکەوتنی یەکەم گەشتی تاقیکاریی فڕۆکەکەی راگەیاندووە و نووسیویەتی: لە دووبەیەوە، دروستکەری داهاتوو و هاوپەیمانی سەرکردایەتی، سەرکەوتنی یەکەم گەشتی ئاسمانیی تاکسی "جوبی" رادەگەیەنین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی داهاتوو بە تەواوی خزمەتگوزارییەکە دەکەوێتە کار.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەم داهێنانە نوێیە مەوداکان کورت دەکاتەوە و کوالێتی ژیان بەرزدەکاتەوە.

بەپێی وتەکانی جێنشینی دوبەی، تاسکییە ئاسمانییەکان دۆستی ژینگەن.

پرۆژەی تاکسی ئاسمانیی لە دوبەی یەکێکە لە پرۆژەکانی گواستنەوەی زیرەک کە ماوەی چەند ساڵێکە ئەو وڵاتە کاری لەسەر دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا دوبەی ئامانجییەتی تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی 25٪ی کارکردنی تاکسی بکاتە 'خودلێخوڕین' و پێویستیان بە شۆفێر و فڕۆکەوان نەبێت.