سوپای ئیسرائیل كوژرانی یەكێك لە دامەزرێنەرانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی راگەیاند و دەڵێت، ناوبراو لە رابردوودا رۆڵێكی دیاری هەبووە لە بنیادنان و دروستكردنی هێزی چەكداری حەماس لە غەززە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل، توانراوە محەمەد عیسا لە ناوچەی سەبرەی غەززە بكرێتە ئامانج و بكوژرێت، كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی باڵی سەربازی حەماس و بە یەكێك لە دامەزرێنەرەكانی ئەو بزووتنەوەیەش دادەنرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕو، محەمەد عیسا لەكاتی كوژرانی پۆستی سەرۆكی ناوەندی پاڵپشتی شەڕی لە باڵی سەربازی حەماس بەڕێوەبردووە، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی گشتی حەماس بووە، پێشتریش بۆ ماوەیەك لە پۆستی سەرۆكی ناوەندی مەشقپێكردن كاریكردووە.

  سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، محەمەد عیسا سەرپەرشتی هێرشە زەمینی و دەریاییەكانی بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی كردووە،  كاریشیكردووە بۆ رێكخستنەوەی كاری رێكخراوەیی حەماس كە بەهۆی جەنگەوە زیانی پێگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، محەمەد عیسا یەكێك بووە لە دوایین سەركردەكانی حەماس كە پێش 7ی ئۆكتۆبەر لە غەززە پۆستی باڵای هەبووە.