حەماس مەرجی پێشوەختەی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل
لاوان
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ترەمپ فشارەكانی بۆ سەر ناتانیاهۆ چڕكردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و حەماسیش چەند مەرجێكی پێشوەختەی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل.
ئاژانسە جیهانییەكان بڵاویانكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە وڵاتانی نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماسی راگەیاندووە، فشارەكانی بۆ سەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چڕكردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە.
ئەوەشیان خستووەتەڕو، بەم نزیكانە دانووستانەكانی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەنگیری وڵاتان دەستپێدەكاتەوە و چاوەڕواندەكرێت تاكو هەفتەی دووەمی مانگی تەموز، ئاگربەستی غەززە رابگەیندرێت و هاوكارییەكان بگەیەندرێتە خەڵكی غەززە.
ئەو ئاژانسە جیهانییانە ئاماژەیان بەوەشداوە، حەماس لەبەرانبەر ئەنجامدانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، داوایكردووە زیان بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەكە و ئەندامانیان لە دەرەوەی وڵات نەگەیەندرێت، هەروەها دەست نەگیرێت بەسەر سەروەت و سامانەكانیاندا، داواشیكردووە نوێنەرانیان لەناو ئیدارەی غەززە هەبێت لە قۆناغی دوای ئاگربەست و ئەمریكاش گەرەنتی جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە بكات، كە پێدەچێت بۆ 70 رۆژ بێت.
پێشتریش، رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم ئاشكرایكردبوو، ترەمپ و ناتانیاهۆ گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنێك بۆ كۆتایی پێهێنانی شەڕی غەززە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا.